ماوه‌یه‌كه مشتومڕی به ستانداردكردنی زمانی كوردی زۆرێك له رۆشنبیران‌و پسپۆڕانی زمانی سه‌رقاڵكردووه و تا ئێستا زمانزانان كۆك نین له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنی شێوه‌زارێك بۆ زمانی یه‌كگرتووی كوردی، ئه‌وه‌بوو به‌م دواییه دوای واژۆكردنی 53 ئه‌دیب و نووسه‌رو ئه‌كادیمیستی كورد بۆ ستاندهرایزهكردنی زمانی كوردی كه پێشكه‌شی حكومهتو پارته سیاسییهكانو په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد، له نێوه‌ندی زمانه‌وانیدا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی دروستكرد كه هه‌ندێك له نووسهرانو ئه‌دیبانی هێنایه گوفتارو رای جیاوازی له‌سه‌ر دروست بوو، هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی، ئاشنا‌و شاره‌زا به زمانی كوردی، سه‌باره‌ت به ستانداردكردنی زمانی كوردی‌و وه‌ڵامه‌كه‌ی د. ئه‌میری حه‌سه‌ن پور، به‌مشێوه‌یه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی رۆژنامه ده‌داته‌وه.
رۆژنامه: كه‌مپه‌ینێك كه واژۆی 53 ئهدیبو نووسه‌رو ئه‌كادیمیستی كوردی له‌سه‌ر كرابوو له 22ی نیسانی ئه‌مساڵ بۆ ستاندهرایزهكردنی زمانی كوردی پێشكه‌شی حكومهتو په‌رله‌مانی كوردستان كرا به مه‌به‌ستی پته‌وكردن‌و به فه‌رمی ناساندنی زمانێكی یه‌كگرتوو، ئێوه چ سه‌رنجێكتان له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه هه‌یه؟
* كورد پاش خهباتو تێكۆشانێكی زۆر یه‌كه‌مجاره له مێژوودا هه‌لێكی وای بۆ هه‌ڵده‌كه‌وێت كه خۆی بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی بدات، له كوردستانی باشوور ئه‌گه‌ر به نووسین‌و به جێگه گرتن‌و به پێشینه بێت، له باری مێژووییه‌وه سۆرانی ده‌مێكه بووه‌ته زمانی ره‌سمی ئه‌م به‌شه، واته له پێش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه ئه‌م زمانه بووه‌ته زمانی ره‌سمی كورد له‌م پارچه‌یه، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقیش له‌سه‌ر بنچینه‌ی هه‌بوونی دوو نه‌ته‌وه پێكهاتووه (كورد‌و عه‌ره‌ب)، له ساڵی 1970ش له (قانونی لوغه‌ی مه‌حه‌لی)دا هه‌ر سۆرانی به‌ڕه‌سمی ناسراوه، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش كه شۆڕشی ئه‌یلول به سه‌رۆكایه‌تی بارزانی نه‌مر له ئارادا بووه، زمانی قوتابخانه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی شۆڕش‌و رادیۆ‌و هه‌مووی هه‌ر به كوردی بووه، به تایبه‌ت زاراوه‌ی سۆرانی، ئه‌م زاراوه‌یه خاوه‌ن پێشینه‌یه‌كی ئیداریی كۆنه‌و مافی خۆیه‌تی به‌پێی ئه‌و پێشینه‌یه‌ی كه بڕیویه‌تی، ببێت به زمانی ستاندارد له كوردستانی باشوور، به‌ڕه‌سمی ناسین‌و به فه‌رمیكردنی ئه‌م زمانه‌ش واته زاراوه‌ی سۆرانی ته‌نها ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت جێگیری بكات، نه‌ك زۆر‌و گوشار.
رۆژنامه : ئه‌م كه‌مپه‌ینه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی پارچه پارچه بوونی نهتهوهییو لاوازییه‌كانی گوتار‌و بوونیادی ناسیۆنالیستی كوردی به نه‌بوونی زمانێكی ستاندارد ده‌داته قه‌ڵه‌م، ئه‌وان ده‌ڵێن زمانێكی ستاندارد كه ببێته زمانحاڵی ره‌مزی قه‌واره‌یی كوردی له‌مڕۆدا پێویسته، تۆ له‌سه‌ر ئه‌مه رات چییه؟
* هه‌رچه‌نده زمانی كوردی له كوردستانی باشوور كه ئێستا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی دوو حیزبی سه‌ره‌كیدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هێشتا به رێكوپێكی قاڵبی نه‌به‌ستووه، هه‌رچه‌ند لیژنه‌یه‌ك نییه بۆ پاككردنه‌وه‌ی زمان، یان لانیكه‌م بۆ (راچاوكردن) كۆنترۆڵكردنی زمانی كوردی، بۆئه‌وه‌ی هه‌ركه‌س به كه‌یفی خۆی وشه نه‌هێنێته ناو ئه‌م زمانه برینداره‌وه، هه‌رچه‌نده هه‌ر ناوچهیهكو هه‌ر شارێك له رۆژی ئه‌مڕۆدا به شێوه‌یه‌ك ده‌نووسێت‌و هه‌ر حیزبێك‌و هه‌ر رێكخراوێكو هه‌ر نووسه‌رێك به مرخی خۆی‌و به ربه‌ی خۆی ده‌یپێوێت، به‌ڵام به رای من به‌م هه‌موو ناتهواوییو كهموكوڕییانهوه كه ئه‌م زمانه هه‌یه‌تی، سۆرانی له ئه‌مڕۆدا بووه‌ته زمانحاڵی به‌شێكی زۆر له كوردستانی گه‌وره، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه كورد قه‌واره‌ی سیاسی دانپێدانراوی نییه‌و بڕیاری له‌سه‌ر نه‌دراوه، بووه‌ته زمانێكی ستاندارد.
رۆژنامه: بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و داواكارییه مشتومڕو هه‌رایه‌كی له‌سه‌ر زمان‌و دیالێكتێكی زمان دروستكرد، ئایا ئه‌م ده‌نگدانه‌وه‌یه له جێی خۆیه‌تی یان پاساو هێنانه‌وه‌یه بۆ به په‌راوێزكردنی شێوه‌زاری ئه‌وانی دی یاخود لێك تێنه‌گه‌یشتنه؟
* شتێكی ئاشكرایه له جێگه‌ی خۆیه‌تی و ره‌واشه باسی له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام ئه‌م هه‌رایه‌ی كاك ئه‌میر دروستی كردووه پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی بردووه‌ته ژێر پرسیار، ئه‌مه‌ش ئهنفالێكی دیكه‌یه به‌رامبه‌ر به پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی! ئه‌مه داواكارییه‌كی گیانی‌و ژیانییه، كه ئه‌گه‌ر فریای نه‌كه‌وین له ده‌ستمان ده‌رده‌چێت، ئه‌مه گرفتێكی فهرههنگییو ئهدهبییو مێژووییه، كه ده‌بێت له روانگه‌ی مێژووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی كاك ئه‌میر ده‌ڵێت 100 ساڵ! هه‌رچه‌نده ئه‌مه به مانای ئه‌وه نییه كه زاراوه‌كانی دیكه به‌كارنه‌هاتوون، ئه‌م كێشه‌یه ده‌بێت له روانگه‌ی پاراستنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت، نه‌ك فه‌رزكردن یان به‌زۆر داسه‌پاندن.
رۆژنامه : د. ئه‌مینی حه‌سه‌ن پور یه‌كێكه له سه‌رسه‌خترین نه‌یارانی داواكاری ئه‌م كه‌مپه‌ینه، ئایا به بڕوای تۆ ئه‌م به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌ی د. ئه‌میر له چییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، هی شاره‌زایی زۆریه‌تی له زمان‌و زاراوه‌كانی، یان فراوانتر بیر ده‌كاته‌وه، یان جۆرێك ترسی دیالێكتێكه له فه‌وتانی زمان؟
* ئه‌وه‌ی جه‌نابت باسی ده‌كه‌یت هیچ كامێكیان نییه! كاك ئه‌میر چه‌پ (كۆمۆنیست)ێكی دژ به ئه‌مریكایه‌و مافی خۆیهتیو مه‌به‌ستی منیش به‌رگریكردن له ئه‌مریكا نییه، به‌ڵام كاك ئه‌میر كای كۆن به با دهكاتو خه‌ونێكی بۆخۆی دروست كردووه‌و ده‌ڵێت: چونكه زاراوه‌ی كرمانج زۆرن، ئیتر ده‌بێت زاراوه‌ی سۆرانی به‌كارنه‌هێنرێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی زاراوه‌ی سلێمانییه! من نازانم كاك ئه‌میر ئه‌مه‌ی له كوێوه هێناوه؟ ئه‌مه كوا زاراوه‌ی سلێمانییه، ئه‌مه پاشاگه‌ردانییه! كێ تاوانباره له‌وه‌ی كه كورد تووشی ئه‌م رۆژه ره‌شه بووه؟ نان ئه‌و نانه‌یه ئه‌مڕۆ له خوانه، ئه‌م زاراوه‌یه نایاسایی‌و نائاسایی گه‌شه‌ی نه‌كردووه. به‌و جۆره‌ی كه كاك ئه‌میر باسی ده‌كات، ده‌بێت هه‌ورامی بكرێته زمانی ستاندارد‌و مافی خۆشیه‌تی، چونكه زمانی 5000 ساڵ له‌مه‌وبه‌ره! ئه‌مه شه‌ڕی كرێكار‌و سه‌رمایه‌دار نییه تا كاك ئه‌میر یاسای بۆ دابڕێژێت، ئه‌مه زاراوه‌یه، ته‌مه‌نی كه‌م بێت یان زۆر جێگه‌ی گرتووه‌و بووه‌ته زمانی ستانداردی به‌شێكی زۆر له كوردستانی باشوور‌و كوردستانی خۆرهه‌ڵات! خۆزگه كاك جه‌عفه‌ری شیخ الاسلامی كه له نووسینه‌كه‌یدا پشتیوانی له كاك ئه‌میر دهكاتو له سایتی (سبه‌ی)دا بڵاو كراوه‌ته‌وه، ته‌وهینی به ناسیۆنالیستی كورد نه‌كردبا، یان باشتر بڵێم ته‌وهینی به خه‌ڵكی كورد نه‌كردبا! چونكه چه‌په تیژڕه‌وه‌كانی كوردستان ئه‌وانه‌ی له چه‌پ تێنه‌گه‌یشتوون، وشه‌ی ناسیۆنالیستیان به واتای (ره‌گه‌زپه‌رستی) كردووه به گورزو هه‌میشه ده‌یكوتن به‌سه‌ر گه‌لی كوردی بنده‌ستدا! جا ئه‌گه‌ر بۆچوونی وا له‌لایه‌ن مامۆستایان‌و شاره‌زایانی زانكۆ دیوی كوردیشه‌وه بێنه گۆڕێ، جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه! كاك جه‌عفه‌ر له نووسینه‌كه‌یدا كه من ده‌ستم لێ نه‌داوه‌و گواستوومه‌ته‌وه، ده‌ڵێت: «ناسیۆنالیزمی كوردیی نه‌یتوانیوه له‌ژێر كاریگه‌ری ئایدۆلۆجی ئه‌و ناسیۆنالیسته - شۆڤێنیستیانهی (عه‌ره‌ب، تورك، فارس) ده‌رباز بێت كه كوردیان ژێرده‌سته راگرتووه و ناسیۆنالیزمی كوردی فرچكی به شیری ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست گرتووه، ئه‌وه‌ش زۆر سه‌یر نییه، ره‌نگه تا راده‌یه‌كیش سروشتیی بێت، له قه‌دیمه‌وه وتویانه «دوو گایان ده‌باڵ یه‌ك بكه‌ی یان خوی یه‌كتر ده‌گرن، یان ره‌نگی یه‌كتر» ئاشكرایه ره‌نگ گرتنه‌كه زۆر به‌دووره، كوردیش خوی ئه‌تاتورك‌و ره‌زاخان‌و سه‌دامی گرتووه، ناسیۆنالیستی كورد هه‌روه‌كو ناسیۆنالیستی تورك‌و عهرهبو فارس ده‌ڕوانێته پرۆسه‌كانی نه‌ته‌وه دامه‌زراندن، له‌وانه‌یه پرۆسه‌ی پلاندانان بۆ زمان، جێگه‌ی مه‌ترسی ئه‌وه‌یه كه ناسیۆنالیستی كورد به ئه‌وه نازانێ‌و پێیوایه كه ئه‌و پێشكه‌وتووتره له ناسیۆنالیسته باڵاده‌سته‌كان، له هه‌مووشیان زۆرتر جێگه‌ی داخ ئه‌وه‌یه كه راده‌یه‌كی زۆری نووسه‌رو ئهكادیمیستیش هه‌ر بێخهبهرن، كه ئه‌وانیش هه‌ر به ربه‌ی ره‌زاخان‌و ئهتاتوركهكان ده‌یپێون، كوردیش خوی ئه‌تاتورك‌و ره‌زاخان‌و سه‌دامی گرتووه»، به‌هه‌رحاڵ منیش ده‌ڵێم: «هه‌ر زاراوه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردی به ره‌وا نابینم به‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌دا به تۆبزی یان به زۆر داسهپێنرێو زاڵ بكرێت، زمان به كه‌ڵه‌گایه‌تی ناكرێت بهڕهسمیو به‌زۆر ره‌سمییه‌تی پێ نادرێت! زمان ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌توانێت بیكات بهڕهسمیو ره‌سمییه‌تی پێبدات، ئه‌ویش له‌سه‌ر بناغه‌ی مێژوویی‌و به‌كارهێنانی ئه‌و زمانه‌و چه‌ندین فاكتی دیكه، نموونه‌ی ئه‌مه‌شمان له دنیادا زۆره. ئێمه ده‌بێت خۆمان له ههستو سۆز‌و شه‌رم به‌دوور بگرین، ئه‌مه هه‌ڵكه‌وتێكی فه‌رهه‌نگی مێژووییه، بۆچوونی هه‌ستیارانه‌و دوور له‌ژیر بێژی ئا به‌مشێوه‌یه ناتوانێت وه‌ڵامی ئه‌م پرسگرێكه بداته‌وه.
رۆژنامه: به‌ڵام ئه‌و باس له زمانێكی جووت ستاندارد ده‌كات بۆ به‌ڕه‌سمی ناساندن‌و چه‌سپاندنی زمانی كوردی، له‌كاتێكدا باس له زاراوه‌كانی دیكه‌ی وه‌كو كهلهوڕیو هه‌ورامی ناكات. ئه‌مه له چییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟
* كاك ئه‌میر ده‌ڵێت: «زمانی كوردی جووت ستاندارده»، به‌ڵێ باشه ئه‌دی كاك ئه‌میر مه‌گه‌ر نازانێ زازاكی یان دووملكیشی هاتووه‌ته سه‌ر؟! له داهاتوودا ئه‌گه‌ر ئاوه‌ها بڕوا زمانی كوردی ده‌بێته (پێنج ستاندارد) نه‌ك (جووت ستاندارد)، هه‌مووشیان مافی خۆیانه، هه‌ورامییه‌كان كه كۆنترین تیره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانن‌و هه‌زاران ساڵه خاوه‌ن زمانن، له رادیۆ‌و ته‌له‌فزیۆنه كوردییه‌كان گله‌یی دهكهنو ده‌ڵێن «هه‌ورامیش ده‌بێت بخوێنرێتو بنووسرێت، له كاتێكدا مافی خۆزای خۆیانه‌و من پشتیوانیان لێده‌كه‌م، ئه‌وه‌تا حیزبی ههورامیشیان داناوه، فه‌یلییه‌كان كه ئه‌وانیش یه‌كێك له تیره كۆنه‌كانی كوردستانن‌و به كه‌لهوڕی یان پاهلهوی قسه‌ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی شیعه‌ن‌و زوڵمی زۆریان لێكراوه‌و زمانه‌كه‌یان داغان كراوه، له ده‌ره‌وه‌ی وڵات په‌رله‌مانیان بۆ خۆیان داناوه، هه‌ر هه‌مووشیان له باشووری خۆرهه‌ڵات نزیك به 7 ملیۆنن، كه زاراوه‌كه‌ی ئه‌وانیش هاوشانو هاودێرێكی زاراوه‌ی هه‌ورامییه! كاك ئه‌میر ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو نه‌گرتووه كه دیالێكتی كه‌لهوڕی زاراوه‌ی زیاتر له 7 ملیۆن كورده! كۆنترین زمانی كوردی كهلهوڕیو هه‌ورامییه كه كۆنترین كتێبی كوردی‌و كۆنترین هۆنراوه‌ی كوردی به‌م دوو زاراوه‌یه نووسراوه‌و فه‌رهه‌نگی كوردی زۆرتر ئه‌م دوو زاراوه‌یه پاراستوویانه، كاك ئه‌میر ده‌بێت ئه‌وه بزانێت كه زاراوه‌كانی ههورامیو كه‌لهوڕی ئه‌و زاراوهگهلهن كه گاتاكانی زه‌رده‌شتیان پێ نووسراوه‌ته‌وه‌و زیاتر له 4000 ساڵه خاوه‌نی به‌سته‌و هۆنراوهیهو هه‌ورامی زمانی باره‌گای ساسانییه‌كان بووه، ته‌نانه‌ت هی ئهشكانییهكانیش! یارسانه‌كان هه‌زاران ساڵه به زاراوه‌ی ره‌سمی كوردستان جیا له‌مانه‌ش ئه‌گه‌ر به‌پێی قسه‌كانی كاك ئه‌میر بێت، چونكه كرماشان مه‌ڵبه‌ندی بزووتنه‌وه‌ی كوردی نه‌بووه‌و له شۆڕشی كوردستانی بنده‌ستی ئێران‌دا به‌شدارییان نه‌كردووه، سا بۆ ئه‌وه نابێت هه‌ر پێشیان بوترێت كورد! ئه‌م قسانه جگه له‌وه‌ی كه كێشه‌كه گه‌وره‌تر بكاته‌وه‌و له باری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه زه‌ربه‌مان لێ بدات، هیچ كه‌ڵكێكی دیكه‌ی نییه.
رۆژنامه: ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌یان زاراوه‌و شێوه‌زاری هه‌بێت، ئاخۆ ئه‌مه ده‌بێته رێگر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی شێوهزارێكیان ببێته زمانی دایك؟ یان تا كه‌ی نه‌كرێت یه‌كێكیان ببێته زمانی دایك؟
* نه‌خێر هه‌رگیز ئه‌وه نابێته كێشه، چونكه ده‌توانین ده‌یان نموونه له‌سه‌ر زمان بهێنینه‌وه كه خاوه‌ن چه‌ند زاراوه‌یه‌و نه‌بووه‌ته كێشه بۆئه‌وه‌ی كه یه‌كێكیان ببێته ستاندارد یان زمانی دایك، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و زاراوه‌یه‌ی ده‌بێته زمانی دایك پێشینه‌ی قسه‌پێكردنی چه‌نده‌و چۆنه‌و خاوه‌نی چ رابردوویهكه، دیاره له‌سه‌ره‌تادا ژماره‌ی ئاخێوه‌رانی ئه‌و زمانه رۆڵ ده‌بینێت، هه‌تا ئه‌و زمانه ده‌بێته دایك له باشوور زۆربوونی ئاخێوه‌رانی سۆران یان باشتر بڵێم ژماره‌ی دانیشتووانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه به سۆرانی قسه‌یان كردووه، بووه به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه سۆرانی له باشوور ببێت به زاراوه‌ی دایك، ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌لیل‌و به‌ڵگه‌یه‌ش هه‌ڵه بووبێت، به‌هه‌رحاڵ وا رۆیشتووه، له كوردستانی باكوور ته‌نها كوردی زاراوه «كرمانجو دوملكی» هه‌یه، ئیتر سۆرانی هه‌ورامی یان كه‌لهوڕی هیچ رۆڵێك نابینێت، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه سۆرانی له باشوور ده‌مێكه بووه‌ته زاراوه‌ی دایك، ته‌نها پارچه‌یه‌كیش كه ده‌توانێت ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه گرنگه داوه‌ریی بكات، ده‌سه‌ڵاتی كوردستانی باشووره، چونكه خاوه‌ن قه‌واره‌یه‌كی سیاسییه‌و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌توانێت ئه‌و بڕیاره بدات، له‌مانه‌ش گرنگتر هه‌رچه‌ند وشه‌ی سۆرانیش به هه‌ڵه به‌سه‌ر ئێمه‌دا براوه‌و له‌سه‌ر باسكردنی جارێك خۆم ده‌بوێرم، له درێژه‌ی چه‌ندین ساڵ خهباتو تێكۆشان له‌م پارچه‌یه به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه مه‌ڵبه‌ندی بزوتنه‌وه‌ی كوردی بووه، زاڵ بووه‌و به‌ڕه‌سمی ناسراوه‌و بووه‌ته زمانی هاوبه‌شی ئه‌م پارچه‌یه‌و جۆرێك رێگه‌ی بڕیوه، كه ئیتر ناگه‌ڕێته‌وه‌و مافی خۆیه‌تی ببێت به زاراوه‌ی ره‌سمی، هیچ یاسا‌و رێسایهكیش ئه‌وه به مرۆڤانه‌و ژیربێژانه نازانێت كه زاراوه‌یه‌ك نزیك 200 ساڵ زمانی خهباتو تێكۆشانی به‌شێكی زۆر له كوردستان بووه، به‌فیڕۆ بڕوات.
ناسری ره‌زازی، هونه‌رمه‌ند باس له‌وه ده‌كات كه زاراوه‌ی سۆرانی به هه‌موو كهموكوڕییهكانیهوه تا راده‌یه‌ك قاڵبی به‌ستووه، ئه‌و ده‌ڵێت «من سۆرانی به زاراوه‌ی سلێمانی دانانێم، چونكه ئه‌مه زاراوه‌ی سلێمانی نییه، ره‌نگه نووسه‌رێك هه‌بێت به شێوه‌زاری سلێمانی بنووسێت، به‌ڵام هه‌موو نووسه‌رێك وانییه»، ئه‌و به گرنگی ده‌زانێت له پاڵ ستاندهرایزهكردنی زاراوه‌ی سۆرانی‌دا شێوه زاره‌كانی تریش فه‌رامۆش نه‌كرێن هه‌روه‌ك ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه كه ته‌واوی ئه‌م زاراوه گه‌له بمێنن‌و بهكارببرێنو هیچ كامێكیان نه‌كه‌ین به كێشه بۆئه‌وی دیكه‌و بۆ زیندوو راگرتن‌و گه‌شه‌پێدانی ئه‌م زاراوه‌گه‌له تێبكۆشینو ئه‌مه له‌به‌رچاو بگرین كه مافی هیچ لایه‌ك نه‌خورێت.
رۆژنامه: د. ئه‌میر له به‌شێكی دیكه‌ی نووسینه‌كه‌یدا باس له چه‌سپاندنی دكتاتۆریانهو كاریگه‌ربوونی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس ده‌كات له چه‌سپاندنی ئه‌م شێوه‌زاره‌دا كه پێی ده‌ڵێن سۆرانی، ته‌نانه‌ت پێشی ده‌ڵێن زمانی سلێمانی، ئه‌م بیروڕایه‌ی له كوێوه هێناوه؟ ئایا ئه‌م كه‌مپه‌ینه وا بیر ده‌كه‌نه‌وه هه‌روه‌كو حه‌سه‌ن پور باسی لێوه ده‌كات؟
* نه‌خێر ئه‌م كه‌مپه‌ینه وا بیر ناكه‌نه‌وه، له‌و كاته‌وه كه كورد هه‌لی بۆ هه‌ڵكه‌وتووه‌و بووه به خاوه‌نی ئه‌م ئه‌زموونه كاك ئه‌میرو ئه‌وانه‌ی هاوبیرو باوه‌ڕی كاك ئه‌میرن، دژ به‌م ئه‌زموونه‌ی كوردستانی باشوورنو به ده‌ستكردی ده‌ره‌وه‌ی دهزاننو سهرۆكو رێبه‌رانی ئه‌م پارچه‌یه به نۆكه‌ری ئیمپریالیست ده‌زانن، كه‌چی ئێستا دڵسۆزی بۆ زمانه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، من له‌مه تێناگه‌م بۆ مه‌گه‌ر بانێكه‌و دوو هه‌وا، ته‌نانه‌ت سه‌دام حسێنیش به دیكتاتۆری ئه‌و زاراوه‌یه‌ی دانهسهپاند، به‌ڵكو زانی ئاخێوه‌رانی سۆرانی زۆرترن‌و پێشینه‌ی هه‌یه، ئه‌و بڕیاره درا ئه‌گه‌ر وابێت ده‌بێت بڵێین بارزانی نه‌مریش دیكتاتۆر بوو، چونكه به سۆرانی قسه‌ی كرد‌و زاراوه‌ی كرمانجی یان كه‌لهوڕی كه زاراوه‌ی فه‌یلییه‌كانی نه‌كرد به زاراوه‌ی دایك‌و بایه‌خی به سۆرانی دا، نه‌خێر وا نییه، كوردی زاراوه‌ی سۆران له‌م پارچه‌یه خاوه‌نی نووسین‌و هۆنراوه‌و به‌سته بووه، هه‌ر له كۆنه‌وه نالی داڕێژه‌ری ئه‌م ستاندارده‌یه، ئه‌م زاراوه‌یه سێ كوچكه‌ی بابانی له‌پشت بووه، حاجی قادری كۆیی هه‌بووه، ده‌یان دیكۆمێنتی دیكه‌ی هه‌بووه، هه‌رچه‌نده له پاڵیشدا كرمانجیش خاوه‌نی ئه‌و شتانه بووه، به‌ڵام زاراوه‌ی كرمانجی ئاخێوهرهكانی له‌م پارچه‌یه كه‌م بوون، ماوه‌یه‌كی زۆریش بوو له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركییه‌وه زاراوه‌ی كرمانجی قه‌ده‌غه‌و راگیرا بوو، له‌وانه‌ش گرنگتر كۆماری كوردستان‌و شۆڕشه‌كانی شێخ مه‌حمودی مهلیكو مه‌لا مسته‌فای بارزانی ئه‌و رهپۆشهیان دروستكرد كه زاراوه‌ی سۆرانی زاڵ ببێت‌و ببێت به زمانی فهرمانگهكانو رادیۆ‌و قوتابخانه‌و هی دیكه، تا ئێستا هه‌ر به سۆرانی زمانی ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه براوه، من پێموایه كاك ئه‌میر ته‌نهاو ته‌نها له روانگه‌ی چه‌په‌وه چاو له‌م پرسه گرنگه ده‌كات، كاك ئه‌میر له نووسینه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: «زۆربه‌ی گه‌لی كورد به كرمانجی قسه ده‌كه‌ن، ته‌واوی كوردی سوریه، ته‌واوی كوردی ئه‌رمه‌نستان زۆربه‌ی كوردی توركیا به‌شێك له كوردی ئێران‌و عێراق كرمانجی زمانن، سۆرانی ته‌نها له كوردستانی ئێران‌و عێراق، ئه‌ویش ته‌نها له ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست قسه‌ی پێده‌كرێت»، ناحه‌قم نییه بڵێم بانێكه‌و دوو هه‌وا، ئه‌مه مه‌نتیقه؟ دیسان ده‌ڵێت: «پرۆژه‌ی ستانداردكردنی زمانی كوردی به سۆرانی ئه‌ویش له‌سه‌ر بنچینه‌ی دیالێكتی سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چوو، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و دیالێكته له ئه‌وانی تر باشتر بێت، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی شاری سلێمانی ناوه‌ندی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بوو، خوێنده‌وارو رۆشنبیری زۆرتر بوو، ناوچه‌ی بادینان زۆرتر عه‌شیره‌تگه‌ری بوو، شاری گه‌وره‌ی نه‌بوو»، كاتێك ئه‌مه قسه‌ی دكتۆرێكی زمان‌زان بێت‌و نه‌زانێت كوردستان چه‌ند زاراوه‌ی تێدا هه‌یه، به رای من كه‌سێكی وا سه‌ڵاحییه‌تی ئه‌وه‌ی نییه له‌سه‌ر زمان‌و فهرههنگو مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌ك قسه بكات؟ له لایه‌كی دیكه‌ش ده‌ڵێت: «تهلهفزیۆنو سه‌ته‌لایت سنووره‌كانی شێواندووه‌و قورسایی دیالێكتهكانیش وه‌ك جاران نه‌ماوه، هه‌ر بۆیه هه‌وه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنی سه‌ته‌لایت كرمانجی زمانه‌كان دایان مهزراندو زۆرتر به كرمانجی بوو تا سۆرانی»، زۆربه‌ی چه‌په‌كانی كوردستان به‌داخه‌وه زمان به كه‌ره‌سته‌ی قسه‌كردن ده‌زانن، له كاتێكدا ئه‌مه بیركردنه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه‌و زمان بۆ كورد كۆڵه‌كه‌ی مانه‌وه‌یه‌تی، سمایل بێشكچی، گه‌وره ئینسان دۆستی تورك له كتێبی (كوردستان كۆڵۆنییه‌كی نێو ده‌وڵه‌تی)دا ده‌ڵێت: «ئه‌گه‌ر بته‌وێت نه‌ته‌وه‌یه‌ك سه‌رشۆ&